نوسەر: ڕۆز ڕزگار
پزیشکی چینی نەریتی (TCM) وەک یەکێک لە کۆنترین و باوترین سیستەمەکانی چاودێری تەندروستی لە جیهاندا هەژمار دەکرێت بە مێژووی زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ. وە بە شێوەیەکی باو لەلایەن فەلسەفەی چینییەوە ناسراوە، و لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی یین و یانگ دامەزراوە – ئەو باوەڕەی کە هێزە رکابەرەکانی وەک (گەرم و سارد یان چالاک و ئارام) دەبێت هاوسەنگ بن بۆ ئەوەی جەستە بەهێز و تەندروست بێت.
هەروەها سەرنجی لەسەر بیرۆکەی (QI)یە کە بە “چی” دەخوێندرێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە وزە یان هێزی بنەڕەتی جەستەیە کە ژیان دەپارێزێت و بە ئاراستە جیاوازەکانی جەستەدا دێت و دەچێت. جەستە وەک سیستەمێکی یەکگرتوو مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە هەستەوەرەکان و تەندروستی جەستەیی و ژینگە هەموویان بەیەکەوە گرێدراون.
بەم شێوەیە نەخۆشی کاتێک ڕوودەدات کە شتێک لە جەستەدا ناجێگیر بێت یان دابخرێت(block)، ئەوکات لەبری چارەسەرکردنی نیشانەکان، (TCM)جەستە دەهێنێتەوە بۆ سەقامگیری و یارمەتی چاکبوونەوەی دەدات بە شێوەیەکی سروشتی.
بەشی سەرەکی لە (TCM) دا بریتییە لە چارەسەرکردنی کەسەکە بە گشتی نەک تەنها کێشەکە کە رێبازێکی گشتگیرە. پێکهاتووە لە چەندین ڕێگەی جیاواز، وەک ئەکوپانکتۆر، دەرمانی گیایی، چارەسەری حەجامە، مۆکسیبۆشن (چارەسەرێکی گەرمکردنەوە بە بەکارهێنانی گیا)، وە جۆرێکی مەساجکردن کە پێی دەوترێت .(Tui Na) بۆ نموونە، ئەکوپانکتۆر دەرزییەکی زۆر تەنک بەکاردەهێنێت لە خاڵە تایبەتەکاندا لەسەر جەستە بۆ یارمەتیدانی ڕۆیشتنی وزە و پشتگیریکردن لە چاکبوونەوە. دەرمانی گیایی تێکەڵەی ڕووەک و ماددە سروشتییەکان بەکاردەهێنێت کە بە تایبەتی بۆ باری تەندروستی هەر کەسێک بە جۆرێک دروست دەکرێت.
ئەم شێوازانە زۆرجار لەگەڵ ئامۆژگارییەکان سەبارەت بە خۆراک و وەرزشکردن و تەندروستی دەروونی تێکەڵ دەکرێن. ئەو کەسانەی کە نیگەرانی درێژخایەنیان هەیە وەک هەوکردنی جومگەکان، تێکچوونی خەو، کێشەی گەدە، یان فشار زۆرجار هەست بە باشتر بوون دەکەن لەگەڵ TCM چونکە گرنگی بە کەسەکە دەدات بە گشتی، نەک تەنها نەخۆشییەکە.
لە ساڵانی ڕابردوودا TCM لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر بەناوبانگ بووە و زۆرێک لە وڵاتان دەستیان کردووە بە زیادکردنی بۆ سیستەمی تەندروستی ئاسایی خۆیان. حکومەتی چین یارمەتی پێشخستنی TCMی داوە لە ڕێگەی دانانی پەیمانگای تایبەت، ناوەندەکانی توێژینەوە، و نەخۆشخانەکان کە سەرنجیان لەسەری بووە. وڵاتانی وەک ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا و ئوسترالیا ئێستا پەروەردەی TCM پێشکەش دەکەن و شانبەشانی چاودێری پزیشکی مۆدێرن بەکاریدەهێنن. زانایان هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە TCM چەندە باش کاردەکات- بە تایبەت بۆ ئازار، پشتگیری سیستەمی بەرگری، و نەخۆشییە درێژخایەنەکان. هەرچەندە هێشتا هەندێک تەحەدا هەیە، وەک دڵنیابوون لەوەی چارەسەرەکان سەلامەتن و بە شێوەیەکی دروست تاقیکراونەتەوە، بەڵام TCM گەشە دەکات و حیکمەتی کۆن لەگەڵ زانستی مۆدێرن تێکەڵ دەکات. بژاردەیەکی بەنرخی پێشکەش دەکات کە دەتوانێت شانبەشانی پزیشکی ڕۆژئاوایی کار بکات بۆ باشترکردنی تەندروستی و خۆشگوزەرانی.
سەرچاوەکان
https://evinature.com/blog/herbs-compounds/what-is-traditional-chinese-medicine
https://www.who.int/publications/i/item/9789240042322
https://www.nccih.nih.gov/health/traditional-chinese-medicine-what-you-need-to-know
