ئەم جەنگە زیانی نزیكەی 200 ملیار دۆلار و زیاتر لە 32 ملیۆن كەس بەرەو هەژاری دەبا
وو یافێی - چاودێری پرسە نێودەوڵەتییەكان
جیهانی ئەمڕۆ شایەتحاڵی ناسەقامگیرییەكی بەردەوامە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دۆخەكەی ئاڵۆزتر و تێكئاڵاوتر بووە. لە هەفتەی ڕابردوودا، ئەمەریكا و ئێران گەیشتنە ئاگربەستێكی كاتی، كە دەرگای بۆ گفتوگۆ و دانوستان كردەوە. بەڵام دۆخەكە هێشتا ناسك و مەترسیدارە، و ناوچەكە جارێكی دیكە گەیشتووەتە دووریانی نێوان جەنگ و ئاشتی،لە 14ی نیسان، شی جینپینگ، سەرۆكی چین،دیدگایەكی چوار خاڵیی بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو. ئەم دیدگایە دەنگێكی بەهێزە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەكانی ئێستای ناوچەكە، كە خۆی لەم چوار بنەمایەدا دەبینێتەوە.
یەكەم: پابەندبوون بە بنەمای پێكەوەژیانی ئاشتییانە وڵاتانی ناوچەكە، بە وڵاتانی كەنداویشەوە، دراوسێی یەكترن و جوگرافیاكەیان ناگۆڕێت. هیچ كەسێك ناتوانێت بە ئارامی بخەوێت ئەگەر باخچەی ماڵی دراوسێكەی لە ئاگردا بێت. شەڕەكانی ڕابردوو سەلماندیان كە هیچ وڵاتێك ناتوانێت بەتەنها لە قەیرانەكان دەرباز بێت. ڕێككەوتنی مێژوویی نێوان سعودیە و ئێران بە چاودێریی چین، نموونەیەكی سەركەوتووی ئەم پێكەوەژیانە و دروستكردنی متمانەیە لە ناوچەكەدا.
دووەم: پاراستنی سەروەریی وڵاتان یەكسانی لە سەروەریدا، بەردی بناغەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە. زۆربەی كارەساتەكانی ناوچەكە دەرەنجامی دەستێوەردان، خۆسەپاندن و نانەوەی ئاژاوەیە لەلایەن هەندێك لە زلهێزەكانەوە. ئەزموونەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەلماندوویانە كە چارەسەری سەپێنراوی دەرەكی هەرگیز سەركەوتوو نابێت؛ ئاشتی بەبێ پاراستنی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی وڵاتان بەدی نایەت.
سێیەم: سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی گەورەترین ئاڵەنگاریی بەردەم یاسای نێودەوڵەتی لەمڕۆدا، جێبەجێكردنی "ئارەزوومەندانە" و دووفاقییانەیەتی لەلایەن هەندێك وڵاتەوە. ئەگەر چەمكی "سیستەمی بنەمادار بە ڕێسا" تەنها ببێتە ئامرازێك بۆ سەپاندنی سزای تاكلایەنە، ئەوا جیهان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "یاسای دارستان".چین داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بەرگری لە فرەجەمسەرییەكی ڕاستەقینە بكات و دادپەروەری بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی بگەڕێنێتەوە.
چوارەم: هاوسەنگی لە نێوان گەشەپێدان و ئاسایشدا بەپێی ڕاپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەم جەنگە ڕەنگە ببێتە هۆی پاشەكشەی ئابووریی جیهانی لە ساڵی 2026، بە زیانی نزیكەی 200 ملیار دۆلار بۆ ناوچەكە و خستنی زیاتر لە 32 ملیۆن كەس بۆ ناو هەژاری. كێشەی داخستنی گەرووی هورمز تەنها ناوچەیی نییە، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر بازرگانی، وزە و ئاسایشی جیهان. ئاسایش چارەسەری قەیرانی ئێستایە، بەڵام گەشەپێدان چارەسەری داهاتوویەكی بەردەوامە.
ڕۆڵی پەكین لە پاراستنی سەقامگیریدا
وەك ئەندامێكی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتێكی خاوەن بەرپرسیارێتی، چین لەگەڵ پاكستان دەستپێشخەرییەكی پێنج خاڵییان بۆ ئاشتی لە كەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند. وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، نزیكەی 30 پەیوەندی و كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتاكانی ئەنجامداوە، و نێردەی تایبەتی حكومەتی چینیش سەردانی چڕی بۆ ناوچەكە كردووە،لە پاڵ هەوڵە دیپلۆماسییەكاندا، چین یەكەم وڵات بوو كە هاوكاریی مرۆیی بەپەلەی گەیاندە ئێران، ئوردن، لوبنان و عێراق، كە ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەستی بەرپرسیارێتیی ئەو وڵاتەیە،چین هەمیشە لە بەرەی ئاشتی، گفتوگۆ و لایەنە دروستەكەی مێژوودا دەوەستێت، و لەپێناو سەقامگیرییەكی هەمیشەیی لە ناوچەكەدا، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە هەمان دیدگایان هەیە.
لە عەرەبیەوە: هەڵۆ حەسەن
https://arabic.news.cn/20260416/63729f558a61491f8de1a394813e9a6d/c.html
